بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی کرماشان، شەوی ڕابردوو لە یەکێک لە گەڕەکانی شاری کرماشان، بەهۆی تەقینەوەی گوللەهاوەنێک دوو تووشبووی مادە هۆشبەرەکان گیانیان لەدەست داوە. بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکانی کرماشان، ڕووداوەکە کاتژمێر هەشتی شەوی ڕابردوو لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی جەلالییە ڕووی داوە و پاشان پۆلیسی گەڕەکەی دەوڵەتئاباد چوونە شوێنی ڕووداوەکە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە یەکێک لە قوربانییەکان کەسێکی تەمەن ٣٨ بووە و هەر لە شوێنێ ڕووداوە گیانی لەدەست داوە و ئەویتریشیان کەسێکی تەمەن ٥٤ بووە کە پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، ئەویش گیانی لەدەست داوە. ئاماژە بەوەش کراوە ڕووداوە لەناو خانوویەکی چۆڵ و داڕووخاو بووە و ئەو دوو کەسەش لە تووشبوانی مادە هۆشبەرەکان بوون. کرماشان وەک شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی تووشبوانی مادە هۆشبەرەکان تێیدا زیاتر دەبێت و بەشێکی زۆریشیان بێ خانە و ماڵن و لە شوێنە چۆڵەکان دەژین.
تەقینەوەی گوللەهاوەنێک لە کرماشان دوو قوربانیی لێ کەوتەوە
