پەرلەمان یاسای تایبەت بەو زەوییانەی زێدەڕۆییان کراوەتە سەر هەموار دەکاتەوە

پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و یاسای تایبەت بە بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان کراوەتە سەر، هەموار دەکاتەوە. بڕیارە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 6-7-2021، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ژماره‌ 17ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لەخولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی خۆی، ساز بکات. بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە: یەكەم/ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٩، یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لەسنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەهەرێمی كوردستان. دووەم/ خستنەڕووی بیرۆكەی ئەم پەرلەمانتارانەی خوارەوە: 1- بیرۆكەی پەرلەمانتار عەبدولستار مەجید سەبارەت بە (دۆزینەوەی هەلی كار لەڕێگای بەگەڕخستنەوەی كارگەكان). 2- بیرۆكەی پەرلەمانتار عوسمان علی سمایل سەبارەت بە (لەپێناو پاراستنی ژینگەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان هەوڵێك بۆ ڕێسایكلینی خاشاك). 3- بیرۆكەی پەرلەمانتار زێدان رەشید سەبارەت بە (پرسی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی). 4- بیرۆكەی پەرلەمانتار شایان كاكە صالح سەبارەت بە (ڤایرۆسی نەخۆشی كۆڤیدـ ١٩). سێیەم/ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پێشنیازو پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە: 1- پێشنیازو پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستيی تایبەت ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠١١ لەهەرێمی كوردستان. 2- پڕۆژەیاسای بەركاركردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراق ژمارە (٧١)ی ساڵی ٢٠١٢ لەهەرێمی كوردستان. 3- پڕۆژەیاسای بەركاركردن و هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو ژمارە (٢٠)ی ساڵی ١٩٩٨ی هەمواركراو.