تیمەکانی قائیمقامیەتی هەولێر چاودێری وردی تانکەرەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان دەکەن

تیمەکانی سەر بە قائیمقامیەتی هەولێر ڕاسپێردران بەدواداچوونی ورد بکەن بۆ هەموو ئەو تانکەرانەی ئاوی پاکی خواردنەوە دەگوازنەوە بۆ ئەو گەڕەک و ماڵانەی پێویستیانە. قائیمقامیەتی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا هاتووە: “لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، بەمەبەستی دیاریکردنی ڕێوشوێنی تایبەت بۆ دابەشکردنی ئاوی پاکی خواردنەوەی ماڵان بەتەنکەر لەگەڕەکەکان و زانینی سەرچاوەی ئاوەکە و شێوازی دابینکردنەکەی و رێگەگرتن لەو کەسانەی قۆرخکاری لەنرخی دابینکردنی ئاوی ماڵان دەکەن، ئەمڕۆ پێنجشەمە 8ی7ی2021، بەسەرپەرشتی نەبەز عبدالحمید، قایمقامی ناوەند، سەرجەم تیمەکانی قایمقامیەت ڕاسپێردران بەدواداچوونی ورد بکەن بۆ هەموو ئەو تانکەرانەی ئاوی پاکی خواردنەوە دەگوازنەوە بۆ ئەو گەڕەک و ماڵانەی پێویستیانە”. ئەوەش خراوەتە روو، “بۆ ئەو مەبەستەش تیمەکانی قائیمقامیەت لەهەڵمەتێکدا لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری هەولێر بەدواداچوون و چاودێری توندیان خستەسەر تەنکەرەکانی دابینکردنی ئاو و ڕێوشوێنەکانی دابەشکردنی بەسەر ماڵان، هەروەها تیمی تایبەت پێکهێنرا بۆ زانینی سەرچاوەی ئاوەکە کە لەکوێ دێت و چۆن لەگەڕەکەکان دابەشدەکرێت”. لەمبارەیەوەش نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزایی ناوەند، ڕایگەیاندووە: “ئەم بابەتە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تەندروستیی گشتی و پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییانەوە هەیە، لەسەر فەرمانی بەڕێز پارێزگاری هەولێر، لەمەبەدوا ڕێگە بەهیچ کەس ولایەنێک نادرێت بە هەڕەمەکی بێت و ئاو دابەش بکات، دەبێت ئەو تانکەرەی ئاو خواردنەوەی ماڵان دابەش دەکات، تانکەری تایبەتی ئاو بێت، ئەم ھەڵمەتە بەردەوام دەبێ و هەرکەس و لایەن و شوێنێکیش پابەند نەبێت، رێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر”.