تاڵیبان هۆشداری دەداتە تورکیا

بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان هۆشداری دەداتە تورکیا و داوای دەرچوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان دەکات. تورکیا پێشتر رایگەیاند: ”دوای کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا، پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابوڵ دەگرینە ئەستۆ“. لە بەیاننامەیەکدا، تاڵیبان رایگەیاندووە: ئەو لێدوانەی دەسەڵاتدارانی تورکیا پێشێلکردنی سەروەریی ئەفغانستانە و بڕیارێکی ژیرانە نییە. تاڵیبان هۆشداری داوەتە دەسەڵاتدارانی تورکیا و داوای لێکردوون هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکێشنەوە، ئەگەرنا رووبەڕوویان دەبنەوە. هەرچەندە بەپێی رێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکا، ئەمریکا تا سەرەتای مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکێشێتەوە، بەڵام پەلەی کردووە و زۆرینەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، کشێندراونەتەوە. هەفتەی رابردوو تاڵیبان رایگەیاندبوو: چەکدارەکانیان 85%ـی خاکی ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کردووە.