تەندروستیی کوردستان: بۆ هاوکاریکردنی بریندارانی سووتانی نەخۆشخانەی زیقار ئامادەین

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی رووداوی سووتانی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە شاری ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقار، نیشان دەدات. درەنگانی شەوی دووشەممە 12-7-2021، ئاگرێکی گەورە لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە ناسریە، کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 62 نەخۆش و هاوەڵی نەخۆش، بە سووتان گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە: دوای رووداوەکە پەیوەندی بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، پارێزگاری زیقار و فەرمانگەی گشتیی تەندروستیی زیقار کردووە. سامان بەرزنجی هەروەها رایگەیاندووە: لە پەیوەندییەکاندا، ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ فریاگوزاری و ناردنی هەر پێداویستیەکی پزیشکی و پێشوازیکردن لە بریندارانی رووداوەکە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، نیشان داوە.