ئیمارات باڵوێزخانە لە ئیسرائیل دەکاتەوە

ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی، باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل دەکاتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 14-7-2021، لە ئاهەنگێکی فەرمیدا، باڵوێزخانەی ئیمارات لە تەل ئەڤیڤ کرایەوە. پێشتریش لە رۆژی سێشەممە 29-6-2021، یایر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبو زەبیی پایتەختی ئیمارات و هەمان رۆژ باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە ئیمارات، کردەوە. رۆژی سێشەممە 15-9-2020 بە کاتی واشنتن (شەوی سێشەممە بە کاتی هەولێر)، بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، بە چاودێریی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، (رێککەوتنی ئاشتی)یان واژۆ کرد. لە ساڵی 2020 و بە چاودێریی ئەمریکا، وڵاتانی ئیمارات، بەحرێن، سودان و مەغریب پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە و رێککەوتن ئاشتییان واژۆ کرد. تا ئێسستا هەر شەش وڵاتی عەرەبیی میسر، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن، سودان و مەغریب پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە.