میلیشیایەکی حەشدی شەعبی هاوشێوەی داعش تونێل دروست دەکات

یەکێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ترسی بۆردومانی سوپای ئەمریکا، هاوشێوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تونێل دروست دەکات. چەند سەرچاوەیەک لە سووریاوە هەواڵەکەیان بۆ (باسنیوز) پشتڕاست کردەوە و رایانگەیاند: میلیشیای نوجەبای عێراقی، کە یەکێکە لە میلیشیاکنی حەشدی شەعبی و سەر بە ئێرانە، دەستی بە لێدانی تونێل لە گوندەوارەکانی رەققە لە نزیک پارێزگای دێرەزوور، کردووە. نوجەبا هەوڵ دەدات سێ کۆگای چەک و تەقەمەنی و خواردن لەڕێی تونێلەوە بە یەکتر ببەستێتەوە، بۆ ئەوەی کۆگاکان لە بۆردومانی سوپای ئەمریکا بپارێزێت. ئەو شوێنانەی میلیشیای نوجەبا تونێلیان لێ لێدەدات، لەژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن. پێشتریش چەکدارانی داعش دوای داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لە مانگی 6ـی 2014، بۆ پاراستنی خۆیان لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، دەستیان بە لێدانی تونێل کرد.