بکوژی پسپۆڕە ئەمنییەکەی بەغدا ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بوو و دان بە تاوانەکەیدا پێدا دەنێت. وەزارەتی ناوخۆی عێراقی رایگەیاندووە: هێزێکی ئەمنی توانیویەتی ئەحمەد ئەبو رەغیف کینانی بە تۆمەتی کوشتی هیشام هاشمی، پسپۆڕ و توێژەری ئەمنیی عێراقی دەستگیر بکات. لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، ئەحمەد کینانی دان بەوەدا دەنێت، کە بەشدار بووە لە تاوانی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی هۆکاری کوشتنەکە و ئەو لایەنەی کاری بۆ دەکەن، نەدرکاندووە. شێخ عەدنان دەنبوس، شێخی گشتیی هۆزی کینانە بێ بەری بوونی خۆی و عەشیرەتەکەی لە ئەحمەد کینانی راگەیاندووە و داوای کردووە لە هەمان شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکەی، سزای بەسەردا بسەپێندرێت. بەپێی زانیارییە میدیاییە بڵاو کراوەکان، ئەحمەد کینانی ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بووە. ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6-7-2020، ژمارەیەک چەکدار، بە سواری دوو ماتۆڕسکیل، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی زەییونەی بەغدا تەقەیان لە هیشام هاشمی، پسپۆڕ و توێژەری ئەمنی و میلیشیا و گرووپە تیرۆریستییەکان کرد و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. هیشام هاشمی لە ساڵی 1973 لە بەغدا لەدایک بووە و لە ساڵی 1997ـەوە توێژینەوەی لەبارەی رێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان دەکرد. بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، گرووپ و میلیشیا توندڕەو، تائیفی و تیرۆریستییەکان بەبێ هیچ ترسێک لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کردەی تیرۆریستی و تاوانکاری بۆ بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەی کاریان بۆ دەکەن، ئەنجام دەدەن. وێنەیەکی ئەحمەد کینانی
ئاشکرا دەبێت.. بکوژی پسپۆڕە ئەمنییەکەی بەغدا ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆیە
