زیاتر لە 75 هەزار گەشتیار بۆ جەژنى قوربان سەردانى پارێزگای هەولێریان کردووە

بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزارى هەولێر رایدەگەیەنێت بۆ بەسەربردنى پشووى جەژنى قوربان زیاتر لە 75 هەزار گەشتیار سەردانى ناوچە گەشتیارییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە. نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى گەشتوگوزاری هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “لە ماوەى پێنج رۆژى رابردوودا 75 هەزار و 569 گەشتیار لە ناوچە جیاجیاکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراقەوە، سەردانى ناوچە گەشتیارییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، بەمەبەستى بەسەربردنى رۆژانى پشووى جەژنى قوربان لە هەرێمى کوردستان”. راشیگەیاند: “بەمەبەستى پێشوازیکردن و دابینکردنى پێداویستییەکانى گەشتیاران لە سنوورى هەولێر، لیژنەیەکى تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان پێکهێندراوە لە بازگەکان و ناوچە گەشتیارییەکان، بۆ ئەم مەبەستە ژمارە تەلەفۆنى ئەندامانى لیژنەکەیان بەسەر گروپە گەشتیارییەکان و هاوینەهەوارەکان دابەش کردووە، بۆ ئەوەى لەکاتى بوونى هەر گرفتێک بتوانن چارەسەرى بکەن، ئەمە سەرەڕاى دانانى تابلۆى رێنمایی و نیشاندانى شوێنە گەشتیارییەکانى سنوورى هەولێر”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: “ئەمە سەرەڕاى چاودێریکردنى نرخ و دابینکردنى تیمى فریاکەوتن و مەلەوانى لە شوێنە گەشتیارییەکان بە هەماهەنگى بەرگرى شارستانى، پێشبینیش دەکرێ لە رۆژانى داهاتوو ژمارەیەکى زیاترى گەشتیاران روو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بکەن”. راشیگەیاند: “لەپاڵ پێشکەشکردنى رێنماییەکان و دابینکردنى خزمەتگوزارییەکان، ئەندامانى لیژنەکان رێنمایی تایبەت بە خۆپارێزى لە پەتاى کۆڕۆنا بە گەشتیاران دەدەن، بۆ ئەوەى رێگەبگرین لە بڵاوبوونەوەى پەتاکە”.