خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە ئێران سێ پارێزگای دیکەشی گرتەوە

خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەری لە شارەکانی پارێزگای خووزستانی ئێران کە ماوەی هەشت ڕۆژە بەهۆی بێ ئاوی و پچڕانی کارەباوە دەستی پێکردووە، سێ پارێزگای دیکەی ئێرانیشی گرتەوە. شەوی ڕابردوو جیاواز لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگای خووزستان لە پارێزگاکانی بووشێهر، لوڕستان و ئیسفەهانیش خۆپیشاندان دەستی پێکردووە و لە شاری ئەلیگوودەرزی لوڕستان گەنجێک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراوە و بە دەیان کەسی دیکەش دەستگیر کراون. لە گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، بنەماڵەی کوژراوەکان لەبەردەم نەخۆشخانەکان دەبینرێن و شیوەن دەکەن. درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەهۆی بێ ئاوی و پچڕانی کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزاری لە کاتێکدایە کە ئەشتەری سەرۆکی گشتیی پۆلیسی ئێران ئاشکرای کردووە هێزەکانی پۆلیس بۆ ئارامکردنەوەی خۆپیشاندانەکان هەموو هێزی خۆیان دەخەنە گەڕ. لەو خۆپیشاندانەدا کە ماوەی هەشت ڕۆژە دەستیان پێکردووە، بەپێی زانیاریی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هێزە ئەمنییەکان دەستڕێژی ڕاستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کردووە هەتا ئێستا لە پارێزگای خووزستان هەشت کەس کوژراون و بە دەیان کەسیش دەستگیر کراون و چارەنووسی دەستگیرکراوەکان هێشتا ناڕوونە.