بەڕێوەبەری کارەباى هەولێر: تا ئێستا کارەباى هیچ هاووڵاتییەکمان بەهۆى نەدان و کەڵەکەبوونى قەرزەوە نەبڕیوە

بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر رایگەیاند بەپێى رێنوێنییەکان هەر هاوبەشێک دوو خول لەدواى یەک کرێى کارەبا نەدات کارەباکەى دەبڕدرێت، بەڵام بەهۆى رەچاوکردنى دۆخى دارایی هاووڵاتیان تا ئێستا کارەباى هیچ هاووڵاتییەک نەبڕدراوە بەهۆى نەدانى قەرزەوە. ئەندازیار حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: ” پڕۆژەى بەستانى پێوەرى زیرەک بۆ هاوبەشانى پۆلەکانى ماڵان و کشتوکاڵى و بازرگانى و پیشەسازى بەردەوامە، کە بەهۆی ئەم سیستەمەوە دەتواندرێت کۆنترۆڵ و چاودێرى تەواوى تۆڕەکانى کارەبا و پێوەرەکانى هەر هاوبەشێک بکرێت، ئەمەش هۆکارێکى باشە بۆ نەهێشتنى سەرپێچییەکانى سەر تۆڕەکانى کارەباى نیشتیمانى”. راشیگەیاند: “بەپێى رێنوێنییەکانی وەزارەتى کارەبا هەر هاووڵاتییەک دوو خول لەدواى یەک کرێى کارەباکەى نەدات کارەباکەى دەبڕدرێت، بەڵام بەهۆى رەچاوکردنى دۆخى دارایی هاووڵاتیان تا ئێستا ئێمە کارەباى هیچ هاووڵاتییەکمان بەهۆى نەدان و کەڵەکەبوونى قەرزەکانەوە نەبڕیوە، بەڵام بۆ پۆلەکانى کشتوکاڵى و بازرگانى و پیشەسازى رێنماییەکە جێبەجێ دەکرێت”. ئەوەشى خستەڕوو: “یەکێک لە تایبەتەمەندییەکانى پڕۆژەى پێوەرى زیرەک ئەوەیە دەتواندرێت لە رێگەى ژوورى کۆنترۆڵەوە کارەباى هەر هاوبەشێک ببڕدرێت، جگە لەمەش خولەکانى گەڕانەوەى کرێى کارەبا دەبنە مانگانە و رێکدەخرێن، چونکە لە ئێستادا هەر خولێک لە نێوان دوو بۆ سێ مانگدایە”.