نۆ ڕۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە خووزستانی ئێران بەردەوامە

نزیکەی ١٠ ڕۆژە خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەوە دەستی پێکردووە، بەرپرسانی ئەمنیی ئەو وڵاتە ماوەی دوو شەوە بە پچڕانی کارەبا و ئەنتەرنێت، گرفتی دیکەشیان بۆ خەڵک ساز کردووە. بەپێی زانیاریی ئاژانسی (BBC) حکوومەتی ئێران لە دوێنێوە لە پارێزگای خووزستان ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنیی گرتووەتە بەر و لە شارەکانی “سووسەنگرد، ئەهواز، ڕامهورمز، شادگان” جیا لە پچڕانی کارەبا و ئەنتەرنێت، هێزێکی زۆری ئەمنیی پۆلیس و بەسیج و سوپای پاسداران لەناو شارەکان جێگیر کراون. باس لەوە دەکرێت دەروازەی شاری سووسەنگرد بە دیواری کۆنکرێت گیراوە، لە حاڵێکدا شەوی ڕابردوو گەرما لەو شارە ٤٨ پلە بووە، کەچی کارەبایان پچڕاندووە و دۆخێکی توند و ترسناکی ئەمنی شارەکەی داگرتووە. لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا جیاواز لە پارێزگای خووزستان خۆپیشاندان پارێزگاکانی ئیسفەهان، بووشێهر و لوڕستانیشی گرتەوە، بەپێی زانیاریی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەتا ئێستا لە پارێزگای خووزستان لە خۆپیشاندانەکاندا ٨ کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون. هاوکات دوێنێ هەینی میشل باشلە کۆمیسەری باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کرد، لەباتی سەرکوتی خۆپیشاندەران، قەیرانی بێ ئاوی چارەسەر بکەن.