دوو فەرماندەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا و لوبنان کوژران

بەپێی زانیاریی میدیاکان ئەحمەد قورەیشی، یەکێک لە فەرماندەکانی لیوای فاتمیوون لە سووریا و عیماد ئەمین فەرماندەیەکی حزبوڵای لوبنان کە هەموویان لەژێر چاودێریی سوپای قودسی ئێران لە سووریان و لوبنان کوژراون. هاوکات میدیاکانی ئێران هەواڵی کوژرانی ئەو دوو فەرماندەی میلیشیاکانیان لە سووریا و لوبنان بڵاو کردووەتەوە. میدیاکانی سەر بە حزبوڵای لوبنان بڵاویان کردووەتەوە کە عیماد ئەمین لە ناوچەی دەیر کیفا لە باشووری لوبنان کوژراوە، بەڵام ئاماژەیان بە وردەکاریی ئەو ڕووداوە نەکردووە. ماڵپەڕی (فارس)ی ئێرانیش لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەحمەد قورەیشی فەرماندەی لیوای فاتمیوون کە لە شیعەکانی ئەفغانستان پێکهاتوون و لەژێر چاودێریی سوپای قودس لە سووریا شەڕ دەکەن، لە سووریا کوژراوە. ئەحمەد قورەیشی خەڵکی گوندی بورغانی سەر بە شاری کەرەج و باوکیشی بەناوی کەمال قورەیشی کاتی خۆی لە شەڕی ئێران و عێراقدا کوژراوە.