ئەمڕۆ یەكشەممە شا عەبدوڵای ئوردن ئاشكرای كرد وڵاتەكەی لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان (درۆن)ی ئێرانیەوە هێرشی كراوەتەسەر و ڕای گەیاند كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتە جێی نیگەرانیی زۆر لە ناوچەكە. شای ئوردن لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی “CNN”ی ئەمریكی گوتی “ئوردن بەردەوام پشتیوانی لە وتوێژ دەكات، بەڵام ماوەیەكە بەهۆی چەند دۆسیەیەكەوە تووشی نیگەرانی زۆر بووین، هیوادارین ئەمریكییەكان لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا یەكلایان بكەنەوە”. شا عەبدوڵای دووەمی ئوردن گوتیشی لەم ماوەیەدا چەندین مووشەك لە خاكی سووریا و لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل كراون، بەڵام ئامانجیان نەپێكاوە و لەسەر خاكی ئوردن كەوتوونەتە خوارەوە، بەم هۆیەوە نیگەرانی زۆریان هەیە. ئاماژەشی بەوە داوە كە ماوەیەكە چەندین هێرشی ئەلیكترۆنی دەكرێنە سەر وڵاتەكەی و لەسەر سنوورەكانیش تەقەكردن بە ئاراستەی ئوردن زیادی كردووە، سەرباری ئەوەی لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیشەوە هێرش كراوەتە سەر ئوردن و دەركەوتووە فڕۆكەكان لەلایەن ئێرانەوە دروست كراون و ناچار بوون مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن. جێی باسە پێشتر فایز تەراونە سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ئوردن رای گەیاندبوو كە ئێران كاتی خۆی هەوڵی دابوو شۆڕشە ئیسلامییەكەی هەناردەی ئوردن بكات، ئەم هەوڵەشی لە ڕێگەی تێكدانی ڕیزەكانی ناوخۆی وڵاتەكە دابوو.
شای ئوردن: وڵاتەكەم ڕووبەڕووی هێرشی فڕۆكە درۆنەكانی ئێران بووەتەوە
