دوای چەندین كۆبوونەوە و پێشنیار، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و، پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بەربەستی هەڵبژاردن، گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی و تەنیا ماوە رای بگەیەنن. موحەڕەم ساریكایە، نووسەری دیاری رۆژنامەی (خەبەر تورك) ئاشكرای کرد، هەردوو پارتی (ئاكەپە و مەهەپە)، گەیشتوونەتە رێككەوتن رێژەی بەربەستی هەڵبژاردن لە ١٠٪ەوە بۆ ٥٪ كەم بكەنەوە. بڕیارە ئەم پرۆژەیاسایەی ئەو دوو پارتە بنێردرێتە پەرلەمان و، پێشبینیش دەكرێت هەموو پارتە سیاسییەكان بە بەڵێ دەنگی بۆ بدەن. پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، هەر لە سەرەتاوە رای گەیاند، هەر پێشنیارێك بۆ كەمكردنەوەی بەربەستی هەڵبژاردن بدرێت، ئەوان پشتگیریی لێ دەكەن. بەهۆی بوونی بەربەستی هەڵبژاردن كە ١٠٪ بوو، تا ساڵی ٢٠١٥ هیچ پارتێكی كوردی وەكوو پارت نەیتوانیوە بچێتە پەرلەمان، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٥، هەدەپە توانی ئەو بەربەستە بشكێنێت و بە ١٣٪ دەنگەكان وەكوو پارت چووە ناو پەرلەمانەوە.
ئاكەپە و مەهەپە لەبارەی كەمكردنەوەی رێژەی بەربەستی هەڵبژاردن ڕێك كەوتن
