ئێران.. بە ئامادەبوونی 70 کەسایەتیی 50 دەوڵەت سەرکۆماری نوێ دەست بەکار دەبێت

بە ئامادەبوونی 70 کەسایەتی لە 50 دەوڵەتی جیاوە، سەرکۆماری نوێی ئێران دەست بەکار دەبێت. عەلی رەزا سەلیمی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە: کاتژمێر 5ـی ئێوارەی رۆژی 5-8-2021، رێوڕەسمی سوێندخواردنی ئیبراهیم رەئیسی، وەک سەرکۆماری نوێی ئێران، ساز دەکرێت. ئیبراهیم رەئیسی وەک هەشتەم سەرکۆماری ئێران دوای شۆڕشی ئیسلامی لەو وڵاتە بە سەرۆکایەتیی ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی لە ساڵی 1979، دەست بەکار دەبێت. لە بارەی ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە، کە لە پەرلەمانی ئێران ساز دەکرێت، عەلی رەزا رایگەیاندووە: بەهۆی رێکارەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بانگهێشتنامەیان تەنیا بۆ 70 کەسایەتی لە 50 وڵاتی جیهان، ناردووە. پێشتر رۆژنامەی (ئیعتیماد)ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی حکوومیی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردبووەوە، کە تاران بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی ئیبراهیم رەئیسی، بانگهێشتی نوێنەری سعودیەی کردووە. رۆژی هەینی 18-6-2021، 13ـەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بەڕێوە چوو و رۆژی شەممە 19-6-2021یش ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران، سەرکەوتنی ئیبراهیم رەئیسی راگەیاند.