تاڵیبان فڕۆکەخانەی قەندەهار مووشەکباران دەکات

بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان مووشەکبارانکردنی فڕۆکەخانەی قەندەهار، رادەگەیەنێت. زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان رایگەیاندووە: ئامانجیان لە مووشەکبارانکردنی فڕۆکەخانەی قەندەهار پەکخستنی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئەفغانستانە بۆ سەر پێگە و بارەگاکانی تاڵیبان. مەسعود پەشتۆن، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی قەندەهار رایگەیاندووە: شەوی شەممە 31-7-2021، سێ مووشەک لەناو فڕۆکەخانە کەوتنە خوارەوە، کە دوو مووشەک رێڕەوی فڕۆکەیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە هەموو گەشتە ئاسمانییەکان هەڵوەشێندرانەوە. دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، تاڵیبان دەستی بەسەر بەشێکی فراوانی ئەو وڵاتەدا گرت و لە سەرەتای مانگی 7ـی 2021یش رایگەیاند: چەکدارەکانیان 85%ـی خاکی ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کردووە. هەرچەندە بەپێی رێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکا، ئەمریکا تا سەرەتای مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکێشێتەوە، بەڵام پەلەی کردووە و زۆرینەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، کشێندراونەتەوە. تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخێندرا.