سەرمایەدارێکی کورد: هەند کەس لە سلێمانی ببوونە هۆی ئەوەی خەڵک لە گیان و سامان و کەرامەتی خۆیشی بترسێ

سەرمایەدارێکی کوردی دانیشتووی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت کە چەند کەسێکی دەستڕۆیشتوو لە سلێمانی لە ماوەی رابردوو ببوونە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵک و دەشڵێ وایان کردبوو خەڵک لە گیان و سامانی کەرامەتی خۆیشی بترسێ. مەلا یاسین سەرمایەداری کورد لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: “من وەک سەرمایەدارێک کە لە شاری سلێمانی کارم کردووە و جێدەستیشم دیارە ئەزانم کە ئەم ماوەی رابردوو دۆخێکی ناتەندروست بوو بۆ کار و کاسبیی خەڵک، هەتا گەیشتبووە ئاستێک کە هیچ سەرمایەدارێک لەم شارە بە ڕەحەتی نەیدەتوانی کار بکات و هیچ سەرمایەدارێکیش دڵخۆش نەبوو لەم شارە کار بکات”. گوتیشی: “هەندێ کەس هەبوون زۆر بە ئاشکرا داوای پشکی لە ٪٥٠ دەکەن لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار ئەمەش وادەکات خاوەن پڕۆژەکە پڕۆژەکەی جێبهێڵێت، هەر ئەمە وای کرد وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی ئاستەکەی زۆر دابەزێت و لە شارەکانی تری کوردستان عێراقیش بەرزبووەوە”. روونیشیکردەوە کە ئەو کەسانەی کە ئەو دۆخە نالەبارەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دروست کردبوو دیاربوون و ئاشکرابوون کێن، ئەو کەسانە ببوونە هۆی ئەوەی کە لە پارێزگاکە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر دروست بێت و “خەڵک لە گیان و سامان و کەرامەتی خۆیشی دەترسا”.