پاسێکی سوپای رژێمی سووریا لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە تەقییەوە و قوربانی هەیە. ئەمڕۆ چوارشەممە 4-8-2021، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاندووە: پاسەکە لە ناوچەی مەساکین حەرەس لە سنووری ناوچەی دوممەر لە رۆژئاوای دیمەشق، تەقیوەتەوە. پاسەکە، کە سەربازانی رژێمی دەگواستەوە، دوای تەقینەوەکە ئاگری گرتووە و وەک روانگەی سووری رایگەیاندووە: بەهۆیەوە چوار سەرباز گیانیان لەدەست داوە. ئاژانسی فەرمیی هەواڵی رژێمی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، کە تەقینەوەکە و سووتانی پاسەکە، تەنیا برینداری لێکەوتووەتەوە، بەبێ ئاماژەکردن بە ژمارەی بریندارەکان. تا ئێستا هیچ لایەنێک تەقینەوەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە و هۆکاری تەقینەوەکەش ئاشکرا نەبووە.
تەقینەوەیەک لە دیمەشق پاسێکی سوپای رژێمی کردە ئامانج
