شەوی ڕابردوو لە شارەدێی رزگاریی سەر بە شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بڕی زیاتر لە 18 دەفتەر دۆلار، لەناو كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانی خانوبەرە دزراوە و پۆلیسی گەرمیانیش لەسەر رووداوەكە پێنج گومانلێكراوی دەستگیر كردووە كە پاسەوانی کۆمپانیاکە بوون. عەلی جەمال قەدوری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “شەوی ڕابردوو لە سنووری ناحیەی رزگاری سەور بە گەرمیان بڕی 18دەفتەر دۆلار و 50 ملیۆن دیناری عێراقی لە كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانی خانوبەرە و لەناو پرۆژەی نۆژین سیتی یە لە قاسەی تایبەتی كۆمپانیاكە دزراوە”. ئاماژەی بەوەش كرد: “رووداوەكە لەناو كۆمپانیاكە رووی داوە و سەرەڕای ئەوەی پاسەوانی تایبەتی خۆیان هەیە، بۆیە هێزەكانی پۆلیس رێكاری لێكۆڵینەوەیان دەست پێكردوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ رووداوەكە كراوەتەوە.” گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان راشی گەیاند: “بە فەرمانی دادگای لێكۆڵینەوەی رزگاری پێنج گومانلێكراو دەستگیر كراون كە كارمەندی كۆمپانیاكە بوون و ئەمڕۆ چوارشەممە 4/8/2021 لێکۆڵینەوەی زیاتر لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا دەكرێت”.
لە گەرمیان پێنج پاسەوانی كۆمپانیایەكی نیشتەجێبوون بە تۆمەتی دزی دەستگیر کران
