ئەمڕۆ سەرکۆماری نوێی ئێران دەست بەکار دەبێت

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-8-2021 سەرکۆماری نوێی ئێران دەست بەکار بێت. لە رێڕەوسمێکدا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئێران ساز دەکرێت، ئیبراهیم رەئیسی وەک هەشتەم سەرکۆماری ئێران دوای شۆڕشی ئیسلامی لەو وڵاتە بە سەرۆکایەتیی ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی لە ساڵی 1979، سوێندی یاسایی دەخوات و دەست بەکار دەبێت. پێشتر عەلی رەزا سەلیمی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندبوو: بەهۆی رێکارەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بانگهێشتنامەیان تەنیا بۆ 70 کەسایەتی لە 50 وڵاتی جیهان، ناردووە. بڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەقی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان، بەشداریی رێوڕەسمەکە بکەن. بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، حکوومەتی ئێران پشووی فەرمی لە تاران راگەیاندووە و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەش، گەشتە ئاسمانییەکان لە ئاسمانی ئەو شارە دەوەستێندێن. رۆژی هەینی 18-6-2021، 13ـەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بەڕێوە چوو و رۆژی شەممە 19-6-2021یش ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران، سەرکەوتنی ئیبراهیم رەئیسی راگەیاند. کورتەیەک لە بارەی ژیان و کارەکانی ئیبراهیم رەئیسی: – لە ساڵی 1960 لە مەشهەد لە دایکبووە – ساڵی 1985 بووە جێگری داواکاری گشتیی تاران – لە ساڵانی  1989 تا 1994 سەرۆکی داواکاری گشتیی ئێران لە تاران، بوو – لە ساڵانی 1994 تا 2004 سەرۆکی دەزگای پشکنین و چاودێریی گشتی، بوو – لە ساڵی 2007 ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان بوو – لە ساڵانی 2004 تا 2014 جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بوو – لە ساڵانی 2014 تا 2016 داواکاری گشتی ئێران بوو