لە کەرکووک تەرمی گەنجێک دۆزرایەوە

ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای كەركووك، تەرمی گەنجێك كە شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەیەوە هەبووە دۆزرایەوە. ڕائید عامر نووری شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ڕۆژی شەممە 7/8/2021، لە سنووری ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای كەركووك تەرمی گەنجێك بە ناوی حوسێن عەبدولخالق، تەمەن 20 ساڵ، دۆزرایەوە كە شوێنەواری چەقۆ بەسەرە جەستەیەوە هەبووە”. گوتیشی: “ئەو گەنجە بە نەتەوە توركمانەوە و لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە كە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە كوژراوە و تەرمەكەی فڕێدراوە و پۆلیس لە بارەی ئەو ڕووداوەوە دەستی بە لێكۆڵینەوەی زیاتر كردووە”.