سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتنامەیەک ئاراستەی شای شانشینی عەرەبیی سعودیە دەکات. بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە رۆژی یەکشەممە 8-8-2021 لە سعودیە لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆ بووەتەوە. لە کۆبوونەوکەدا، فوئاد حوسێن و فەیسەڵ بن فەرحان گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و ریاز و پێشهاتەکانی ناوچەکە، کردووە. وەزیری دەرەوەی عێراق بانگهێشتنامەیەکی مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ شا سەلمان بن عەبدولعەزیزی شای سعودیە داوەتە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە. مستەفا کازمی داوای لە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز کردووە بەشداریی کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بکات، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە (مانگی 8ـی 2021) لە بەغدا ساز بکرێت. پێشتریش مستەفا کازمی بانگهێشتی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا و میر نەواف ئەحمەد سوباحی میری کوێت کردبوو بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق.
کازمی بانگهێشتنامەیەک ئاراستەی شای سعودیە دەکات
