هەریر.. ئۆتۆمبێلێک سووتا و زیاتر لە چوار ملیۆن دیناریان بۆ خاوەنەکەی کۆکردەوە

ئۆتۆمبێلێکی جۆری”پیکاب دێر” لە رێگای سەرەكیی هەریر – شەقڵاوە لە نزیك گوندی ئامۆكان سووتا و خەڵکی ناوچەکە زیاتر لە چوار ملیۆن دیناریان بۆ خاوەنەکەی کۆکردەوە. محەمەد سدیق، چالاكوان و دانیشتووی گوندی ئامۆكان-ی سەر بە ناحیەی هەریر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 9/8/2021 ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكاب دێر ڕەنگی سوور، لە نزیك گوندی ئامۆكانی دەشتی هەریر سووتا، پاشان ژمارەیەک و خەڵکی گوندەکەمان، لە شوێنی رووداوەكە دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی پارە بۆ خاوەنەکەی”. ئاماژەی بە ئەوەش دا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا خەڵکی ناوچەکە و رێبوارانی رێگاکە زیاتر لە چوار ملیۆن دیناریان بۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلە سووتاوەکە کۆکردەوە و پێشکەشیان کرد.