زانیاری لەبارەی پرۆژەی دروستکردنی رێگای نێوان هەریر – باسرمە دەخرێتە روو

پارێزگاری هەولێر پرۆژەی دروستکردنی رێگای نێوان (هەریر – باسرمە)ی بەسەرکردەوە و زانیاری لەبارەی پرۆژەکەوە خستە روو. بەپێی راگەیاندراوێکی پارێزگای هەولێر کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “لەچوارچێوەی کارو بەرنامەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری جێگری پارێزگار و قایمقامی شەقڵاوە و بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبەری چاککردنەوەی رێگاوبانی هەولێر، بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی هەریر و باسرمە، پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای هەریر – باسرمە، بەسەر کرایەوە”. ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئەم پرۆژەیە درێژییەکەی دوو کیلۆ مەتر و 600 مەتر دووجایە، لەلایەن بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، بڕی 275 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و لەماوەی کەمتر لە سێ مانگ، کاری ئەم پڕۆژە ستراتیژییە تەواو دەبێت. روونیشکراوەتەوە، کە پڕۆژەکە بۆ پێکبەستنەوەی هەریر بۆ ناحیەی باسرمە گرنگە، ڕێگاکە کورتر دەکاتەوە و جیا لەوەش بۆ مەبەستی بازرگانی و گەشتوگوزار کاریگەری دەبێت.