بەڤیدیۆوە… لە ئەنكەرا هاووڵاتییانی تورك هێرش دەكەنە سەر پەنابەرانی سووریا

ئەمشەوی پێنجشەممە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی توركیا هێرشیان كردە سەر پەنابەرانی سووریا لە گەڕەكێكی ئەنكەرا، زیانی زۆریان بە دوكان و ئۆتۆمبێلەكانیان گەیاند. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە میدیا عەرەبییەكاندا بڵاو كراوەتەوە، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی توركیا بەم شەوە هێرشیان كردووەتە سەر ژمارەیەك لە پەنابەرانی سووریا كە لە ناوچەی ئاڵتینداغی ئەنكەرای پایتەختی توركیا نیشتەجێن. لەمبارەیەوە میدیا عەرەبییەكان بڵاویان كردووەتەوە ئەم هێرشەی توركەكان گوایە لە وەڵامی كوشتنی گەنجێكی توركە لەسەر دەستی پەنابەرێكی سووری لە ئەنكەرا، دوای ئەوەی بە چەقۆ هێرشی كردبووە سەر و كوشتبووی. بەپێی زانیارییەكان، هاووڵاتییانی ئەنكەرە لە هێرشەكەدا، بازاڕ و دوكان و ئۆتۆمبێلەكانی پەنابەرە سوورییەكانیان تێكشكاندووە، بەم هۆیەوە پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەكە و ژمارەیەك لە توركە هێرشبەرەكانی دەستگیر كردووە.