پۆلیسى سلێمانى: سێ كه‌س به‌ تۆمه‌تى مامه‌ڵه‌كردن به‌ دراوى ساخته‌وه‌ ده‌ستگیر كران

لەدوو چالاكیی جیاجیادا، مەفرەزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – بنکەی پۆلیسی سەرا و ڕزگاری، سێ كه‌سیان بە تۆمەتی مامەڵەكردن بە دراوی ساختەوە دەستگیر كرد. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12/8/2021، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى، ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: “ڕۆژی 7/8/2021، چەند خاوەن دووكانێك بنكەی پۆلیسی سەرایان ئاگادار كردەوە كە لە كاتی مامەڵەكیاندا، پارەی ساختەیان پێدراوه‌، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، بنكەی پۆلیسی سەرا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی دەست پێكرد و گومان خرایە سەر دوو تۆمەتبار، توانرا لە ڕۆژی 11/8/2021 هەردوو تۆمەتبار (أ، ف، ح) لەدایكبووی 1979 و (م، ح، م) لەدایكبووی 1979، لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە دەستگیر بكرێن”. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: “لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا، دەست بەسەر بڕی 14 ملیۆن دیناری عێراقیی ساختەدا گیرا، لەگەڵ بڕێك دۆلاری ئەمریكیی ساختە و ئۆتۆمبێلێك كه بە تۆمەتبارەكان بووە”. پۆلیسى سلێمانى باسى له‌وه‌ش كردووه‌: “لە لایەكی دیكەوە و دوای كۆكردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕزگاری تۆمەتبارێکیان بەناوی (ب، ح، ف) لەدایکبووی 1999، لە شەقامی سالمی سلێمانی (سەھۆڵەکە) دەستگیر کرد، کە بڕێک دراوی بیانیی ساختەی پێ بووە و بە نیاز بووە ساغی بکاتەوە”. له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ڕوونیش كراوه‌ته‌وه‌، لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەدا، دەست بەسەر ئەو دراوە ساختەیەدا گیرا، كە بە تۆمەتبار بووە. پۆلیسى سلێمانى ئاشكراشى كردووه‌، ئێستا هەرسێ تۆمەتبارەكە كە كوردن، بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.