دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیکردووە بە ئەنجامدانی پڕۆژەی دروستکردنی کۆمەڵگای دایک لە شاری سۆران، کە تایبەت دەبێت بۆ بەساڵاچووان و بێباوکان و نابینایان و نابیستان و نەخۆشانی ئۆتیزم. ئومێد حەسکۆ محەمەد، بەڕێوەبەری پرۆژەی کۆمەڵگای دایک لە شاری سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “پڕۆژەی دایک یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگانەی کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە گوژمەکەی بۆ تەرخانکراوە، پڕۆژەکە تایبەتە بە لە خۆگرتنی بەساڵاچووان و بێباوکان و نابینا و نابیستان و نەخۆشانی ئۆتیزم و پەروەردەکردنیان، کە پڕۆژەکە لەسەر رووبەری ١١٫٣٥٢ مەتر دووجا دروست دەکرێت و لە شەش بینا پێکهاتووە، بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار”. گوتیشی: “هەرچەندە دەبێت ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی دوو ساڵ تەواو بکرێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو پلان و بەرنامەیەی وەک لایەنی جێبەجێکار دیاریمان کردووە، هەوڵدەدەین لەماوەی ساڵێک و نیو، پڕۆژەکە جێبەجێ بکەین، واتە کەمتر لەو ماوەیەی بۆمان دیاریکراوە”. راشیگەیاند: “ئەم شوێنە بەشێوەی تایبەتمەندی خاوەن پێداویستی دروست دەکرێت و دیزاینی پڕۆژەکە لەلایەن فاکەڵتی ئەندازیاری زانکۆی سۆران کراوە و چاودێری دەکرێت”.