قایمقامى هەولێر: رێگە بە هیچ پاڵاوگەیەکى نایاسایی نادەین کار بکات

قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر رایگەیاند لیژنەیەکى تایبەت بۆ داخستنى پاڵاوگە نایاساییەکان لە سنوورى هەولێر پێکهێندراوە و لە چەند رۆژى رابردوودا ژمارەیەک پاڵاوگە داخران و رێگەش بەهیچ پاڵاوگەیەکى نایاسایی نادەین کار بکات. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “لەسەر فەرمانى ئەنجوومەنى وەزیران لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ داخستنى سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان، لە هەڵمەتێکدا کە لە چەند رۆژى رابردوودا ئەنجامماندا نۆ پاڵاوگەى نایاسایی لە سنوورى هەولێر داخران، زۆرینەى ئەو پاڵاوگانەش لەسەر رێگاى هەولێر – مەخموور و لە سنوورى ناحیەى شەمامک و گوندى دووسەرە بوون”. راشیگەیاند: “بەهیچ شێوەیەک رێگا نادەین پاڵاوگە نایاساییەکان کاربکەن، بەڵام پێویستمان بە کاتە تا شوێنى سەرجەم پاڵاوگەکان دەدۆزینەوە و لە ناویان دەبەین، چونکە زۆرینەى ئەو پاڵاوگانە لە شوێنە دوورە دەستەکان و گوند و ناوچە چۆڵەکان دروست دەکرێن، بۆیە بەدروستى نازاندرێت ژمارەیان چەندە”. ئەوەشى خستەڕوو: “لە هەڵمەتەکان بەردەوام دەبین بۆ داخستنى تەواوى ئەو پاڵاوگانەى ماون و لەکارکردن بەردەوامن، چونکە ئەو پاڵاوگانە بە شێوەیەکى نایاسایی و بێ رەچاوکردنى رێنوێنییەکانى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە کاردەکەن، بەمەش زیانێکى زۆر بە ژینگە و تەندروستیى هاووڵاتیان دەگەیەنن”.