عێراق.. هەڵە لە 200 هەزار کارتی بایۆمەتریی هەڵبژاردندا کراوە

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رای گەیاندووە، هەڵە لە 200 هەزار کارتی بایۆمەتریی هەڵبژاردندا کراوە. لەمبارەوە، حەسەن سەلمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ راگەیاندنەکانی ناوخۆیی ئاشکرای کردووە: ”هەندێ هەڵە لە ژمارەیەک کارتی بایۆمەتریی هەڵبژاردندا کراون، کە لەلایەن کۆمپانیای (ئەندرا)ی ئیسپانییه‌وه‌ چاپ کراون“. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: ”کۆمسیۆن جارێکی دیکە ئەو کارتانە چاپ دەکاتەوە و دەیانگەیەنێتەوە دەستی خەڵک، بەر لەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دابێت، کە بڕیار وایە لە ی 10/10/2021 بەڕێوە بچێت“. ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن جەختیشی کردەوە: ”کۆمسیۆن لێکۆڵینەوەی لەو کارتانەدا کردووە و بۆی دەرکەوتووە، کە هەندێ هەڵەیان تێدا کراوە و هەڵەکانیش لەلایەن کۆمپانیای ئەندرای ئیسپانییەوە بووە، نەک لەو فەرمانبەرانەی کارەکەیان ئەنجام داوە“. دووپاتیشی کردەوە: ”هەڵە لە هەموو کارێکدا دەکرێ روو بدا، جا چ لە کۆمسیۆن بێ و یان لە هەر لایەنێکی دیکەوە“. حەسەن سەلمان، گوتیشی: ”ئەو کارتانەی کە هەڵەیان تێدا کراوە، دەگەڕێنرێنەوە بۆ کۆمپانیا ئیسپانییەکە و دوای راستکردنەوەیان، جارێکی دیکە چاپ دەکرێنەوە و دەگەڕێنرێنەوە عێراق و بەسەر دەنگدەراندا دابەش دەکرێن، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بکەن“.