ئەمڕۆ 14 ساڵ بەسەر کارەساتی گرعوزێر و سیپا شێخدر لە دەڤەری شنگال تێپەڕدەبێت کە تیایدا چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لەنێو خەڵکدا تەقینەوە و سەدان کەس بوونە قوربانی. سەعید تەتەر، کە یەکێکە لە کەسوکاری قوربانییەکانی کارەساتەکە و بەرپرسی نووسینگەی بنگەی لالشە بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە گرعوزێر بە(باسنیوز)ی راگەیاند: “لە ڕۆژی 14ی8ی2007 ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لەنێو خەڵکی گرعوزێر و سیپاشێخدردا تەقینەوە و لە ئەنجامدا بە سەدان کەس بوونە قوربانی و بەداخەوە تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەو کارەساتەی نەکردووەتەوە بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگانە بە کەسوکاری قوربانییانی گرعوزێر و سپیا شێخدر دەدات”. لای خۆیەوە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بۆ(باسینوز) رایگەیاند: “لە کارەساتی گرعوزێر و سیپا شێخدردا 500 کەس بریندار بوون و 400 کەسیش شەهید بوون و 72 کەسیش بێسەروشوێن بوون و سەدان خانوو و ماڵی هاووڵاتیان وێران بوون”. ئاماژەی بە ئەوەش دا کە لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لەنێو خەڵکی سڤیلدا تەقینەوە ، گوتیشی: “هیوادارین حکوومەتی عێراق دانپێدانان بە جینۆسایدی ئێزدییان لە شنگال بکات”.