چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان پێشڕەوی دەکەن بۆ داگیرکردنی شاری کابوڵی پایتەختی وڵاتەکە. سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان بەبێ شەڕ دەستیان بەسەر شاری جەلال ئاباد لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستاندا گرتووە، چونکە ئیدارەی شارەکە خۆی بەدەستەوە داوە. داگیرکردنی شاری جەلال ئاباد دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە داگیرکردنی شاری مەزار شەریف، کە هێزەکانی ئەفغانستان لەو شارە هەرەسیان هێنا و زۆرینەی بەرپرس و فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان پەنایان بۆ ئۆزبەکستان بردووە. بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، چەکدارانی تاڵیبان بە خێرایی و بەبێ بوونی بەرەنگارییەکی ئەوتۆ لەلایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان، بەرەو کابوڵی پایتەخت پێشڕەوی دەکەن و دەوروبەری شارەکەیان داگیر کردووە. دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە هەرەسیان هێنا و تاڵیبان دەستی بەسەر بەشێکی فراوانی ئەو وڵاتەدا گرتووە. هەرچەندە بەپێی رێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکا، ئەمریکا تا سەرەتای مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکێشایەوە، بەڵام پەلەی کردووە و زۆرینەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، کشێندراونەتەوە. تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخێندرا.
چەکدارانی تاڵیبان بەرەو کابوڵی پایتەخت دەچن
