چوار سەرکردەی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان رکابەری لەسەر چوونە سەر دەسەڵات لە وڵاتەکەیاندا دەکەن. دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە بەرەو تاجیکستان هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد. کەناڵی (سکای نیوز) لە زاری ئاتۆ محەمەدنور، توێژەری سیاسیی ئەفغانی بڵاوی کردووەتەوە، کە دیارترین چوار سەرکردەی تاڵیبان رکابەری لەسەر چوونە سەر دەسەڵات دەکەن. چوار سەرکردەکە بریتین لە: – مەلا هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی ئێستای تاڵیبان – عەبدولغەنی برادەر، سەرکردەیەکی چەکداریی تاڵیبانە، لە 2010- 2018 لە پاکستان زیندانی کرا و دواتر ب گوشاری ئەمریکا، ئازاد کرا. بە عەقڵی سیاسیی تاڵیبان هەژمار دەکرێت. – سیراجەدین حەققانی، کەسی دووەمی ناو تاڵیبانە و سەرۆکی تۆڕی حەققانییە، کە تۆڕێکی چەکداریی زۆر توندوتیژە و بە درێژایی 20 ساڵی رابردوو، شەڕی دژی هێزەکانی ئەمریکا کردووە. – یەعقوب محەمەد، کوڕی مەلا محەمەد عومەری سەرۆکی پێشووتری تاڵیبانە و خاوەن جەماوەرێکی فراوانە لەناو ئەو بزووتنەوە چەکدارییە. مەلا محەمەد عومەر، سەرۆک و سەرکردەی رۆحیی تاڵیبانە و لە ساڵی 1996-2001 سەرۆکی رژێمی تاڵیبان بوو. تا گیان لەدەستدانی بە نەخۆشیی سیل لە ساڵی 2013، سەرۆکی تاڵیبان بوو. هەرچەندە بەپێی رێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکا، ئەمریکا تا سەرەتای مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکێشایەوە، بەڵام پەلەی کردووە و زۆرینەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، کشێندراونەتەوە. تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخێندرا.
چوار سەرکردەی تاڵیبان رکابەری لەسەر حوکمی ئەفغانستان دەکەن
