بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان، كۆ دەبنەوە. رێبوار بابكەیی، سەرۆكی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 18-8-2021 لێژنەکەیان لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رەوشی ئەو کۆچبەرانەی ھەرێمی كوردستان، کە لە سنوورەکانی لیتوانیا گیریان خواردووە، کۆ دەبێتەوە. رێبوار بابکەیی هەروەها رایگەیاند: لێژنەكەیان بۆ بە دواداچوونی كێشەی کۆچبەران و دڵنیابوونەوە لە چارەنوسیان، بڕیاریان داوە شاندێکی لێژنەكەمان سەردانی لیتوانیا بکات و ئەمرۆش ”ئەم بڕیارەمان بە نووسراوی فەرمی دەدەینە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان“. بەپێی زانیارییەکان، زیاتر له 2800 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان و عێراقى له سنوورەکانی نێوان بیلاڕووسیا و لیتوانیا گیریان خواردووه و لە دۆخێکی زۆر خراپدان.