بەڕێوەبەرى ئاوى دەوروبەرى هەولێر رایگەیاند پڕۆژەى راکێشانى هێلێکى ئاو لە قەندیلەوە بۆ ناوچەى زرارەتى بەمنزیکانە دەچێتە بارى جێبەجێکردنەوە، کە بەوهۆیەوە ئاو بۆ چەند گوندێکى ناوچەکە دابین دەکرێت و کێشەى کەمئاوییان نامێنێت. رێزان سەعدى عەلى، بەڕێوەبەرى ئاوى دەوروبەرى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “پڕۆژەى راکێشانى هێڵێکى ئاو لە پڕۆژەى ئاوى قەندیلەوە بۆ ناوچەى زرارەتى، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان و بەمنزیکانە دەچێتە بارى جێبەجێکردن، کە بەهۆیەوە کێشەى کەم ئاوى پێنج گوند لە ناوچەى زرارەتى ناحیەى دارەشەکران چارەسەر دەکرێت”. راشیگەیاند: “پڕۆژەکە ئێستا لە قۆناغى تەندەردایە و بڕیارە لە ماوەیەکى کەم و دواى تەواوبوونى رێوشوێنەکان بەزووترین کات بچێتە بارى جێبەجێکردنەوە، چونکە ئەم گوندانە ماوەى 10 ساڵە کێشەى ئاوى خواردنەوەیان هەیە و ئاستى ئاوى بیرەکانیان دابەزیوە و ماوەى چەند ساڵێکە لە رێگەى تەنکەرەوە رۆژانە ئاوى خواردنەوە بۆ دانیشتوانى ئەم گوندانە دابین دەکرێت”. روونیشیکردەوە: “پڕۆژەکە پارەى پێویستى بۆ دابین کراوە و لەسەر بودجەى ئەنجوومەنى وەزیران جێبەجێ دەکرێت، درێژى هێڵەکە زیاتر لە 30 تا 40 کیلۆمەترە و بەچەند قۆناغێک و لەماوەیەکى کەم دەچێتە بارى جێبەجێکردن، دانیشتووانى گوندەکانى زەرگە زەوى و باوەخەلان و چەند گوندێکى دیکەى سنوورى زرارەتى سوودمەند دەبن، کە ژمارەى دانیشتووانى هەر گوندێک 400 بۆ 500 خێزانە”.