لە ساڵانی ٢٠٠٠ەكاندا، تاڵیبان بەوە ناسرابوو مادەی هۆشبەری دەركردەی دەرەوەی ئەفغانستان دەكرد، ببوونە مەترسییەكی گەورە بۆ جیهان، ئێستا هەر ئەو گروپە جگە لە مادەی هۆشبەر، بوون بە خاوەنی چەكی قورسیش. وڵاتی ئەفغانستان بەوە بەناوبانگە، كە مادەی هۆشبەری جۆری ئێرۆینی لێ بەرهەم دێت، بە گوێرەی زانیارییەكان ٩٠٪ی مادەی هۆشبەری ئێرۆین لە جیهاندا لە ئەفغانستان بەرهەم دێت، ساڵانە ٦٥ بۆ ٧٠ ملیار دۆلار داهاتی ئیرۆینە لەو وڵاتەدا، كە پێشتر تاڵیبان بە ئاشكرا بەڕێوەی بردووە. یاڵچن دۆغان نووسەری دیاری توركیا، دەڵێت: “لە ٢٠٠٠ تاڵیبان لە فەتوایەكدا مادەی هۆشبەری حەرام كرد، بەڵام لە دوای ٢٠٠١ كاتێك ئەمریكا هاتە ئەفغانستان، ئیدی بەرهەمهێنانی ئێرۆین زیادی كرد، چونكە داهاتێكی زۆری هەبوو. هەروەها لە هەر ١٠ هاووڵاتی ئەفغانی یەكێكیان ئەو مادە هۆشبەرە بەكاردەهێنن”. تاڵیبان ئەگەر بۆ ناوەخۆی وڵاتەكەش ئەوكات حەرامی كردبێت، بەڵام بە رێگەی ئێران و توركیا، هەروەها ئۆكڕانیا و رووسیا، ئێرۆینی دەركردەی ئەورووپا دەكرد و ئامانجی بووە دونیا بەو مادەیە ژەهرازی بكات. ئەگەرچی تاڵیبان مادەی هۆشبەری حەرام كردووە، بەڵام چەكدارەكانیان بەكاردەهێنن، بۆیە كاتێك دەچنە شەڕ ئاگایان لە خۆیان نییە و شەڕێكی زۆر چاك دەكەن، ئامانجەكەشیان دیارە، دروستكردنی دەوڵەتێكی ئیسلامی، چەندین لێكۆڵینەوەی جیدی بەردەستن، كە چەكدارانی تاڵیبان ماددەی هۆشبەری جۆری ئێرۆین بەكاردەهێنن. ئەمەش هەر بە گوێرەی گوتەی یاڵچن دۆغان. دۆغان باس لە مەترسییەكی زۆر گەورە دەكات و نموونە بە پاكستان دەهێنێتەوە، تاڵیبان، یاخود ئەفغانستان، لە رێگەی پاكستانیشەوە مادەی هۆشبەر رەوانەی دەرەوە دەكات، بەڵام بە هۆی ئەوەی كۆچبەرێكی زۆری ئەفغانی لە پاكستان نیشتەجێن، بۆیە بە نهێنی و لە رێگەی ئەوانەوە ئەو مادە هۆشبەرە لە پاكستان بڵاودەكرێتەوە و رەوانەی دەرەوەی پاكستانیش دەكرێت، واتە ئەوەی پاكستانی ژەهراوی كردووە، ئەو كۆچبەرانەن. ئەمە بۆ توركیاش هەمان شتە، رەنگە لە داهاتوو ئەو كۆچبەرە ئەفغانیانەی توركیا دەرگای بۆ كردوونەتەوە، توركیا بە مادەی هۆشبەر ژەهراوی بكەن.
نووسەرێكی توركیا: كۆچبەرە ئەفغانییەكان، توركیا بە مادەی هۆشبەر ژەهراوی دەكەن
