وەزارەتی بەرگری سووریا: ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی دیمەشق

شەوی رابردوو چەند تەقینەوەیەکی بەهێز دیمەشقی پایتەختی سووریایان هەژاند و سیستەمە بەرگرییەکانیش رووبەڕووی چەند ئامانجێکی سەر ئاسمانی دیمەشق بوونەوە. بەگوێرەی هەواڵی میدیاکان، شەوی رابردوو چەند تەقینەوەیەکی بەهێز دیمەشقی پایتەختی سووریایان هەژاند و سیستەمە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتەش رووبەڕووی چەند ئامانجێکی سەر ئاسمانی دیمەشق بوونەوە و وەزارەتی بەرگری سووریاش ئیسرائیل بە هێرشەکان تۆمەتبار دەکات. ئاماژە بەوەش دراوە، کە دەنگی تەقینەوەی گەورە لە دەورووبەری شاری دیمەشق بیستراوە و سیستەمە بەرگرییەکانی سووریاش بە چڕی لە چیای مانع و فڕۆکەخانەی مەزەی سەربازی و چیای قاسیۆنەوە بەرپەرچی بۆردومانەکانیان داوەتەوە. میدیاکان ئەوەشیان خستووەتە روو، کە هەر دوێنێ شەو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چڕی بەسەر ئاسمانی لوبناندا سووڕاونەتەوە. هەروەها لای خۆیانەوە، وەزارەتی بەرگری سووریا رایگەیاندووە، کە شەوی رابردوو ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردووەتەوە سەر چەند ناوچەیەکی دیمەشق و شاری حەمس. شایانی باسە لە ماوەکانی رابردوو ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر سوپای سووریا و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە نێو خاکی سووریا.