وەزیری دەرەوەی ئێران: مێژوو حوکم لەسەر هۆکاری شکستەکانمان دەدات

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی ماوەی دەست بەکاربوونیدا لە وەزارەت، رایدەگەیەنێت، ”مێژوو حوکم لەسەر هۆکاری شکستەکانمان دەدات“. محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام)، رایگەیاندووە: ئێستا ئەو لە دوایین رۆژەکانێتی لە پۆستی وەزیری دەرەوە و سوپاسی گەلی ئێرانی کردووە. محەمەدجەواد زەریف هەروەها رایگەیاندووە: ”بێگومان“ لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا هەموو ئامانجە سیاسییەکانی دەرەوەی ئێران بەدەست نەهاتوون، ”ئەوپەڕی هەوڵی خۆم خستە گەر، مێژوو حوکم لەسەر دەستکەوت و هۆکارەکانی شکستەکانمان دەدات“. وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لێبووردنی لە ”رۆڵەکانی گەلی ئێران“ کردووە و رایگەیاندووە: ”داوای لێبووردن لە کەموکوڕییەکان و هەڵەکان دەکەم و داوا دەکەم لێم ببوورن“. محەمەدجەواد زەریف ئاشکرای کردووە، کە لە کاتی کارەکەیدا وەک وەزیری دەرەوەی، بە ئازادی کاری نەکردووە، ”نەمدەتوانی بەردەوام وەک ئەوەی دەمەوێ، بیڵێم، تەنانەت نەمدەتوانی بەرگری لە کارەکانم بکەم“. زەریف بە ئاماژەکردن بەوەی ماوەی چوار دەیە لە سلکی دیپلۆماسیەتی ئێران کاری کردووە، رایگەیاندووە: ”ئێستا دەمەوێ لە زانکۆی تاران وەک مامۆستا خزمەت بکەم“. محەمەدجەواد زەریف لەدایکبووی 1960 لە تاران لەدایک بووە، لە ساڵی 2013ـەوە وەزیری. دەرەوەی ئێران بوو و یەکێک لە دیارترین کارەکانیشی بریتی بوو لە رێککەوتنی ناوکی وڵاتەکەی و وڵاتانی 5+1، کە دواتر ئەمریکا لێی هاتە دەرەوە. رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات. شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021) بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و  وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد. وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.