بەپێی ئامارێكی نێودەوڵەتی 14 ملیۆن ئەفغانی بەدەست برسییەتییەوە دەناڵێن

بە پێی ئامارێك كەلەلایەن بەرنامەی خۆراكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوكراوەتەوە، 14 ملیۆن ئەفغانی لە دەست برسییەتییەوە دەناڵێنن. دیفید بیزلی، بەرپرسی بەرنامەی خۆراكی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند: “ئابووری وڵاتی ئەفغانستان بە دۆخێكی خراپدا دەڕوات، جگە لە هەبوونی ناكۆكی و شەڕ لە نێوان لایەنەكانی ئەو وڵاتە كێشەی وشکەساڵی و بڵابوونەوەی پەتای كۆرۆنا بارێكی قورستری خستۆتە سەر شانی ئەفغانییەكان”. ئەو بەرپرسە دەشڵێت: “ئاسایشی خۆراك لەو وڵاتە هەرەشەیەكی گەورەی لەسەرە لەهەر سێ كەسێك یەكێكیان بە هۆی برسیەتییەوە دەناڵێنێت”. لەلایەیەكی دیكەیشەوە ماری ئیلین ماكگرورتی، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرنامەی خۆراك لە ئەفغانستان دەڵێت: “ساڵی 2021 ساڵێكی سەخت دەبێت بۆ ئەفغانستان، چونكە هاووڵاتییان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، یەكێك لە ئاستەنگە گەورەكان بوونی وشكەساڵییە لەو وڵاتە كە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بووە و ئەمەش وای كردووە هاووڵاتییان كەمترین خۆراكیان بە دەست بگات”.