ناوەندی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک هەڵوێستەکانی ئەوم دواییەی مەولەوی عەبدولحەمید پێشنوێژی شاری زاهیدانی لەدژی بنەماکانی مافی مرۆڤ لەقەڵەم داوە و خەڵاتێک کە بە ناوبرای بەخشیوە لێی وەرگرتووەتەوە. ناوەندی چالاکوانانی مافی مرۆڤ، دوێنێ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، خەڵاتی (هەڵسووڕاوی مافی مرۆڤ) کە ٢٠١٤ بە مەولەوی عەبدولحەمید پێشنوێژی شاری زاهیدان و کەسایەتیی ئایینیی بەلووچ بەخشراوە، لەبەر ئەوەی ناوبرا پشتگیریی لە “گرووپی تیرۆریستیی تاڵیبان) کردووە، لێی وەردەگیرێتەوە. لەو ڕاگەیەندراوەدا داوا لەو کەسایەتییە ئایینییە کراوە کە پێداچوونەوە بەو لێدوان و هەڵوێستانەیدا بکات کە لەمدواییە لەبارەی پشتگیری لە گرووپی تاڵیبان دەری بڕیوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی چالاکوانانی مافی مرۆڤدا هاتووە: “بەداخەوە ساڵانێک دوای ئەوەی ئەو خەڵاتە بە مەولەوی عەبدولحەمید ەبخشرا، ناوبرا ڕوانگەکانی لەبارەی پرس مافی مرۆڤ گۆڕدراون و ڕاشکاوانە لەدژی بنەماكانی مافی مرۆڤ و جەوهەری ئەو خەڵاتەی پێ بەخشراوە، دەجووڵێتەوە”. خەڵاتی (هەڵسووڕاوی مافی مرۆڤ) کە ساڵانە لەلایەن ناوەندی چالاکوانانی مافی مرۆڤەوە بە چالاکوانە دیارە ئێرانییەکان دەدرێت، ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی هەوڵەکانی مەولەوی عەبدولحەمید بۆ ئازادکردنی چەندین سەربازی ئێرانیی بە بارمتەگیراو لەلایەن گرووپێکی ئیسلامیی بەلووچ و هەوڵەکانی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەی بەلووچ ئەو خەڵاتەی پێ بەخشرا. پاش ئەوەی گرووپی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد، مەولەوی عەبدولحەمید پشتگیریی لە تاڵیبان کرد و ئەو هەنگاوەی بە “سەرکەوتنێکی مەزن” لە قەڵەم دا و ئەم هەڵوێستەی لە میدیاکانەوە کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە.