کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (کۆشکی ئێلیزی) ماوەی سەردانەکەی سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاشکرا دەکات. بەپێی ئەگێندای کارەکان، کە لە ماڵپەڕی کۆشکی ئێلیزی بڵاو کراوەتەوە، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا رۆژی شەممە 28-8-2021 سەردانی عێراق دەکات و رۆژی یەکشەممە 29-8-2021ش هەر لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەمێنێتەوە. ئیمانوێڵ ماکرۆن بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی لووتکەی بەغدا، سەردانی عێراق دەکات، کە وڵاتەکەی هەماهەنگیی عێراقی کردووە لە سازکردنی ئەو کۆنگرەیە. بڕیارە دوای بەغدا، ئیمانوێڵ ماکرۆن لە رۆژی یەکشەممە 29-8-2021 سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. لە هەولێر، سەرکۆماری فەرەنسا لەلایەن سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێدەکرێت و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە. فەرەنسا یەکێکە لە وڵاتانی دۆست و نزیکی گەلی کوردستان و بەردەوام لە کاتە سەختەکاندا، هاوکاریی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە. لە ساڵی 1991، ئەو کاتەی فەرەنسا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرد، ئەنجوومەنەکە لەسەر داوای فەرەنسا بڕیاری 688ـی بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە هێرشی رژێمی بەعس، دەرکرد. هەروەها لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، فەرەنسا بە ناردنی کەلوپەلی سەربازی و هاوکاریی سەربازی و پزیشکی بۆ پێشمەرگە و بۆردومانکردنی ئاسمانیی بنکە و بارەگاکانی داعش، هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کرد. بڕیارە رۆژی شەممە 28-8-2021 کۆنگرەی (لووتکەی بەغدا) بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بە هاوکاریی فەرەنسا و بە ئامادەبوونی سەرکۆماری میسر، نوێنەری سەرۆکی ئیمارات، میری قەتەر و نوێنەری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، لە بەغدا بەڕێوە بچێت. لەو کۆنگرەیەدا، سەرۆک، میر و شاکانی وڵاتانی دراوسێ تاوتوێی کێشەکانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. پێشتر ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاندبوو: بەشداریی لووتکەی بەغدا دەکات. تا ئێستا مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتنامەی بۆ شەش سەرۆک و شا و میری دیکە ناردووە، کە بریتین لە: – نەواف ئەحمەد سوباح، میری کوێت. – رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا. – سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعوودیە. – ئیبراهیم رەئیسی، سەرکۆماری نوێی ئێران. – تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر. – محەمەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات