ماكرۆن: سوپاس و ستایش بۆ کوردەکان و هێزی پێشمەرگە

پێش كەمێك ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان هێنا، لە هەمان كاتدا بەر لە بەڕێكەوتنی بەرەو پاریس، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر)، سوپاس و ستایشی گەلی كوردستان و پێشمەرگەی كردووە. پێش كەمێك ماكرۆن لە تویتەرەكەی وێنەیەكی پۆلێك لە خانمە پێشمەرگەی كوردستانی داناوە و نووسیویەتی “ڕێز و ستایش بۆ ئەو جەنگاوەرانەی لە بەرەی پێشەوە دژ بە داعش جەنگان. سوپاس و ستایش بۆ کوردەکان و هێزی پێشمەرگە کە ناوەکەشیان واتا ئەوانەی ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. سوپاس بۆ هێزە عێراقییەکان، ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی فەڕەنسا”. دوێنێ شەو دوای ته‌واوبوونی كۆنگره‌ی به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ وڵاتانی دراوسێی عێراق، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێ كرا. پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆش ماكرۆن سه‌ردانی شاری مووسڵی كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری ره‌وشی كریستیان و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و شاره‌ بوو، دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ شاری هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا. دواتر لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی كۆبووەوە و دوای دیدارەكەشیان، ماكرۆن بە یاوەری سەرۆك بارزانی چاوی بە بنەماڵەی شەهید هوجام سوورچی كەوت و قسەی لەگەڵ منداڵەكانی شەهید هوجام كرد، ئینجا هەر بە یاوەری سەرۆك بارزانی چاوی بە پۆلێك خانمە پێشمەرگەی كوردستان كەوت.