بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کۆتایی دێت و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش باس لە قۆناغێکی نوێ دەکات. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە: ئەمشەو (30 لەسەر 31-8-2021)، دوایین سەربازی ئەمریکا ئەفغانستانی بەجێ هێشت. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە: دوای 20 ساڵ، ئەرکی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان کۆتایی هات، ”سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەفغانستان دەست پێدەکات“. بە کشانەوەی دوایین سەربازەکانی ئەمریکی لە ئەفغانستان، کە لەناو فڕۆکەخانەی کابوڵدا بوون، فڕۆکەخانەکە کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان و هێزەکانیان چوونە ناویەوە. دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد. هەرچەندە بەپێی رێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکا، دەبوایە ئەمریکا تا سەرەتای مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان بکێشێتەوە، بەڵام پەلەی کرد و زۆرینەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، بەر لە رۆژی 15-8-2021 کشێندراونەوە. تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامیی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخا.