داعش هێرش دەکاتە سەر گوندێکی کەرکووک

چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر گوندێکی کوردنشینی شارەدێی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای کەرکووک. بەپێی زانیارییەکان، چەکدارەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-9-2021 هێرشیان کردووەتە سەر گوندی (شەحەلی کۆن) لە سنووری سەرگەڕان. خەڵکی گوندەکە هاوشانی هێزە عێراقییەکان بەرپەرچی هێرشەکەی داعشیان داوەتەوە و بەهۆی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکەشەوە، سەربازێکی عێراقی کوژرا، هاووڵاتییەک رفێندرا و شەش هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (کوردستان 24)، خەڵکی گوندی (شەحەلی نوێ) ویستوویانە بە هانای خەڵکی شەحەلی کۆن بچن، بەڵام بەهۆی دانانەوەی بۆمب لە رێگای نێوان دوو گوندەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، نەیانتوانیوە لە شەحەلی کۆن نزیک ببنەوە. دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هێز و میلیشیا عێراقییەکان دەستیان بەسەر ناوچە کوردستانییەکاندا گرت و بەهۆی ناکاراییشیان، چەکدارانی داعش خۆیان رێک خستووەتەوە و دەستیان بە کردەی تیرۆریستی لەو ناوچانە کردووەتەوە.