سوپای عێراق دوو گوندی سەرگەڕان بۆ داعش چۆڵ دەكات

ئەمڕۆ هەینی بەهۆی جموجۆڵە زۆرەكانی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، هێزەكانی سوپای عێراق لە سنووری دوو گوندی شارەدێی سەرگەڕانی سەر بە شارۆچكەی دووبز پاشەكشەیان كرد. لوقمان حوسێن بەڕێوەبەری شەرعیی شارەدێی سەرگەڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند چەند ڕەبایەكی سوپای عێراق لە دەوروبەری گوندەكانی شەحل و سێبیرانی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان هەبوون، بەڵام ئەمڕۆ بە هۆی هێرشە بەردەوامەكانی داعشەوە، چۆڵ كران. گوتیشی بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە داعش هێرشی كردبووە سەر گوندی شەحەل كە لە ئەنجامدا سەربازێك كوژرا و هاووڵاتییەكیش ڕفێندرا، چەند هاووڵاتییەكی دیكەش بریندار بوون، ماوەیەكیشە جموجۆڵی داعش لە ناوچەكە بەردەوامە. لەوەتەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، دۆخی ئەمنیی سنووری كەركووك نالەبارە، هێرشەكانی داعش بۆ سەر گوندەكانی ئەو سنوورانە زیادی كردووە و هێزە عێراقییەكانیش توانای ڕووبەڕووبونەوەیان نییە.