هاوپەیمانان: پابەندین بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش رایدەگەیەنێت، هاوپەیمانان پابەندن بە هاوبەشییەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. واین مارۆتۆ، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، پەسنی دەستگیرکردنی گرووپێکی تیرۆریستیی سەر بە داعشی لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستانەوە کردووە. واین مارۆتۆ رایگەیاندووە: هەرێمی کوردستان رۆڵێکی زیندوو و سەرکەوتووی لە شکستپێهێنانی داعش گێڕاوە و هاوپەیمانانیش ”پابەندن بە هاوبەشییەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان“. رۆژی یەکشەممە 5-9-2021، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، دەستگیرکردنی گرووپێکی تیرۆریستی لە هەولێر لەلایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە راگەیاند، کە پیلانیان بۆ کردەی تیرۆریستی لەناو شاری هەولێر داڕشتبوو.