دهستهی دهستپاكی بڕیاری داوە، بەشێك لە فەرمانبەرانی حکوومهت، فۆڕمی ئاشکراکردنی سامان و دارایی خۆیان پێشکەشی دەستەی دەستپاکی بکەن. دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێکدا کە کۆپییەکی دەست (باسنیوز)کەوتووە، بڕیاری داوە بەشێک لە فەرمانبەرانی حکوومهت فۆڕمی ئاشكراكردنی سامان و داراییهكهیان پڕ بکەنەوە. دەستەی دەستپاکی، لە نووسراوەکەیدا داوای کردووە، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ژمێریاریی فەرمانگە و وەزارەتەکان، لە هەر شوێنێک بن، پابەند بکرێن بە پڕکردنەوەی فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان. ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە 6/9/2021 بە نووسراوێک، کە کۆپییەکی دەست (باسنیوز)کەوتووە، داوای له سەرجەم وەزارەتەکان کردووە کاری پێویست ئەنجام بدەن، تاوەکوو بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ژمێریاریی فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان پڕبکەنەوە. بە پێی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2011ی دەستەی دەستپاکی، دەبێت پەرلەمانتاران و بەرپرسان باڵای حکوومەت و ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆکایەتیی هەرێم، فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان پڕبکەنەوە. لای خۆیەوە د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان بە(باسنیوز)ی راگەیاند: “دەبێت لەمەودوا، بەڕێوەبەر و بەرپرسی ژمێریاریی فەرمانگە حکوومییەکان و بەڕێوەبەری بانکە حکوومییەکان و بەرپرسی دەروازە سنوورییەکان، فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان پڕبکەنەوە “. سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی ئاشکرای کرد: “ئەو پۆستانە مامەڵە لەگەڵ داهاتێکی زۆر دەکەن، ئەو ڕێکارە بۆ ئەوەیە جۆرێک لە چاودێریی لەسەر ئەو پۆستانە هەبێت”. د. ئەحمەد ئەنوەر، دەشڵێت: “سوودی ئەو فۆڕمانە لەوەدایە کە ئەو بەرپرسانەی فۆڕمەکانیان پرکردووەتەوە ساڵ بەساڵ لەلایەن دەستەی دەستپاکی چاودێری دەکرێن، ئەگهر سەرجەمی داھات و ئەو موڵکانەی کە ھەیەتی لەگەڵ رێژەی ئەو داھاتەی کە دەستی دەکەوێت نەگونجێت، ئەوا دەستکەوتەکەی بەناڕەوا هەژماردەکرێت”.