د. ئارام محەمەد: پێویستە زانکۆ حکومییەکان کار بکەن بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن پڕۆژەی ئابووریی خۆیان و سەربەخۆ بن

د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند زانکۆ حکومییەکان پێویستە کار بکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن پڕۆژەی ئابووریی خۆیان و سەربەخۆ بن. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە كە لە میانەی بەشداریکردنی لە ڕاگەیاندنی تاسک فۆرسی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان، تیشکی خستووەتە سەر پێویستی ڕیفۆرم و چاکسازی لە سیستەمی ناوەندیی وەرگرتنی قوتابیان. هەروەها باسی لە ریفۆرم لە فەلسەفەی خوێندن و ناوەڕۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئاکامەکانی پرۆسەی خویندن كردووە، لەگەڵ دروستکردنی پەیوەندیی توندوتۆڵ لە نێوان ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و پێداویستیيەکانی بازاڕی کار. د. ئارام محەمەد ئاماژەی بە هەموارکردنەوەی یاسای خوێندنى باڵا داوە بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی دونیای مۆدێرن و زامنی دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی ئەکادیمی و دارایی و کارگێڕیی زانکۆکان بکات. وەزیری خوێندنی باڵا دووپاتی كردووەتەوە كە زانکۆ حکومییەکان بودجەیەکی زەبەلاحیان پێویستە، ئەمەش بارگرانی لەسەر حکوومەت و بودجەی گشتی دروست دەکات، بۆیە بە گرنگی دەزانێت سەربەخۆ بن. دەشڵێ پێویستە لەم کۆنفرانسەدا كە دوێنێ دەستی بە كارەكانی كرد، زەمینەی ڕەخساندنی سەربەخۆیی زانکۆکان برەخسێنرێ، تاوەکو زانکۆ حکومییەکان کار بکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی پڕۆژەی ئابووریی خۆیان، بەو ئامانجەی ئەو قورساییە لەسەر بودجەی گشتی هەڵبگرن.