له‌ گه‌ڕه‌كێكی سلێمانی شەڕە تەقە لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان و چه‌ند کەسێك ڕووی دا

بەھۆی ڕووخاندنی خانووەکانیانەوە، شەڕەتەقە لە نێوان ھاوڵاتییانی گەڕەکی تووەسپی و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی رووی دا. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (باسنیوز) کەوتوون، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 21/9/2021، لە گەڕەکی تووەسپیی شاری سلێمانی، بەھۆی ڕووخاندنی ژمارەیەک خانووی ھاوڵاتییانەوە لە لایەن پۆلیسی دارستانەوە، شەڕەتەقە لە نێوان ھاووڵاتییانی گەڕەکی تووەسپی و دەزگائەمنییەکاندا ڕووی داوە و پۆلیسێکیش بریندار کراوە. نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھەڕچەندە ڕووداوەکە ئێستا ڕووی داوە و زانیاریی وردم لا نییە، بەڵام ئەوەی ئێستا بەدەستم گەیشتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ ھێزەکانی پۆلیسی دارستان بە مەبەستی ڕێگری لە زیادەڕۆیی، بەرەو گەڕەکی تووەسپی ڕۆیشتوون، بەڵام شەڕەتەقە ڕووی داوە و پۆلیسێک بریندار کراوە. به‌پێی سه‌رچاوه‌ی نافه‌رمی، له‌و شه‌ڕه‌دا پێنج كه‌س بریندار بوون، كه‌ دوو له‌ برینداران له‌ ریزی ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندان.