نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا: بڕیاری ناردنی 200 ملیار دیناری دیكە دەركرا

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئاشكرای دەكات، ئەنجوومەنی  وەزیرانی عێراق، بڕیاری ناردنی 200 ملیار دیناری ئەو مانگەی دەركرد . فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا تایبەت بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “دوێنێ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پاش دەنگدان، رەزامەندیی داوە، 200 ملیار دیناری دیكە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت كە مانگانە پارەکە لە ڕێگەی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەدرێت”. ئاماژەی بەوەش دا: ” بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گشتاندنی بۆ دەكرێت و بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەنێردرێت، تاوەكوو ئەوەی پێویست بێت، جێبەجێ بكرێت”. فارس عیسا گوتیشی: “رێكارە كارگێڕییەكان تەواو بكرێت، پارەكە هاوشێوەی دوو مانگی پێشووتر دەنێردرێت، كە پێدەچێت هەفتەی داهاتوو بنێردرێت”. به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی بودجه‌وه‌، حكوومه‌تی عێراق، بۆ هه‌ر مانگێك 200 ملیار دینار وه‌ك سلفه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان دەكات، تا ئه‌و كاته‌ی وردبینی له‌ داهات و پشكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێ. لای خۆیەوە د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئێمە چاوەڕوانی ناردنی 200 ملیار دینارەکە دەكەین، هیوادارین زوو رەوانە بكرێ”. بڕیارە رۆژی شەممە ٢٥ی ٩ی ٢٠٢١، پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە شێوەی ١٠٠٪ دەست پێ بكات.